ده‌مارگیری دۆسته‌كی و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات له‌گۆشه‌نیگای ئیبن خه‌لدونه‌وه
DOI:
https://doi.org/10.21928/juhd.v4n2y2018.pp1-13الملخص
له‌نێو بابه‌ته‌كانى فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا، پێكدانی شارستانییه‌كان به‌یه‌كێك له‌و بابه‌ته گرنگانه داده‌نرێ، كه سه‌رنجی بیرمه‌ندێكی دیارى وه‌ك (ئیبن خه‌لدون)ى بۆ لای خۆی ڕاكێشاو ساڵانێكى ته‌مه‌نی خۆی پێ به‌سه‌ر برد. له‌و بابه‌ته‌شدا چووه نێوشیكاری راڤه‌ی شارستانییه‌ت بۆ مێژوو له‌سه‌ر بابه‌تی ژیان و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، كه هۆكارى كۆكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاكانى مرۆڤایه‌تی و ڕێكخستنیان بووه له مێژوودا. هه‌ربۆیه مه‌به‌ستی بوو بگاته هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتن و ڕووخانی ده‌سه‌ڵاته‌كان له مێژوودا‌و ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌پشت سه‌ری ده‌ركه‌وتن و ڕووخانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه بوون. له‌وبواره‌شدا (ده‌مارگیرى) وه‌ك چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی بۆ دامه‌زراندن و ڕووخانى ده‌وڵه‌ت له مێژوودا به‌كارهێنا، كه سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی مێژوو به گشتى و قۆناغى سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست به‌هۆی جۆرێك له‌جۆره‌كانی ده‌مارگیرییه‌وه دامه‌زران و ڕووخان.
له‌و چوارچێوه‌یه‌داو به‌و پێیه‌ی میرنشینى (دۆسته‌كی-مه‌روانی) یه‌كێك بوو له دیارترین میرنشینه‌كانی كورد له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، نموونه‌یه‌كی به‌رچاوبوو، كه ئه‌و تێزه‌ی (ئیبن خه‌لدون)ى به‌سه‌ردا بچه‌سپێت، كه له‌نێوان ساڵانی (372-478ك/982-1085ز) ڕۆڵى خۆى گێڕا، بۆیه هه‌وڵماندا تێزه‌كه‌ی (ئیبن خه‌لدون) به‌ومیرنشینه به‌راورد بكه‌ین. بۆئه‌م كاره‌شمان، كه له بنه‌ڕه‌تدا به‌شی دووه‌می نامه‌ی ماسته‌ر (عه‌لی عه‌بدولڕه‌حمان خدر)ه و (پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر) سه‌رپه‌ره‌شتی كردووه، وه‌ك توێژینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌كارمان هێناوه. توێژینه‌وه‌كه‌ش له (پێنج) باسه پێكهاتووه، كه هه‌ریه‌ك له باسه‌كان لایه‌نێكی بۆچوونه‌كانی ئه‌و بیرمه‌نده‌و به‌راوردكردنیان به دةوڵه‌تی (دۆسته‌كی-مه‌روانی) تێدا شیكراوه‌ته‌وه. له باسی یه‌كه‌مدا ناساندنێكمان بۆده‌وڵه‌تی (دۆسته‌كی-مه‌روانی) كردووه. مه‌به‌ستیش له‌م باسه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه، كه بۆ ئه‌م حكومه‌ته به دوو ناوی (دۆسته‌كی-مه‌روانی) ناسراوه؟ باسی دووه‌میش بۆ ده‌مارگیری خه‌لدونی ته‌رخانكراوه، تا له‌ڕووی چه‌مك و پێناسه‌و جۆره‌كانی ده‌مارگیرییه‌وه بۆ بۆچوونه‌كانی ئه‌وبیرمه‌نده بڕوانین. باسی سێیه‌میش بۆده‌ركه‌وتنی ده‌مارگیری و ڕه‌وشت و كار‌و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتچوونی دیاریكراوه. له‌باسی چواره‌میشدا بنه‌چه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كی ده‌مارگیری دۆسته‌كی خراوه‌ته ڕوو. به‌وه‌ش هه‌وڵمانداوه به‌راوردی ئه‌وبۆچوون و تێزه‌ی (ئیبن خه‌لدون) ببه‌ستین به‌و حكومه‌ته كوردییه‌وه. دوا باسیش، كه باسی پێنجه‌مه بۆده‌ركه‌وتنی وهه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تی (دۆسته‌كی-مه‌روانى) ته‌رخانكراوه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌رمارگیرى خێڵه‌كى. دواتر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی، كه له‌كۆی ئه‌م توێژینه‌ویه‌دا پێگه‌یشتووین، له‌پاڵ ڕیزبه‌ندی لیستی ئه‌وسه‌رچاوانه‌ی بۆئه‌م توێژینه‌وه‌یه سوودمان لێوه‌رگرتووه، كۆتایمان به‌كاره‌كه‌مان هێناوه. هیواداریش كارێكی زانستی و ئاكادیمیمان به ئه‌نجام گه‌یاندبێت.
