کاریگەریى ئامڕازەکانى گەیاندن لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان
توێژینەوەیەکى سۆسیۆلۆجى مەیدانییە لەناو شارى سلێمانى
DOI:
https://doi.org/10.21928/juhd.v2n3y2016.pp344-382الملخص
ئەم توێژینەوەیە لە هەوڵى بەدەستهێنانى کۆمەڵێک ئامانجدایە بۆ ئەوەى بزانێ ئایا ئامڕازەکانى گەیاندن تاچەند کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى خێزان دروست کردووە، توێژەر لەڕێگەى فۆرمى ڕاپرسییەوە هەوڵیداوە بەشێوەیەکى مەیدانى لەنێو کۆمەڵگەى توێژینەوەکەدا بابەتییانە زانیارى سەبارەت بەو ئامانجانە کۆبکاتەوە، توێژینەوەکە پشتى بەستووە بە فۆرمى ڕاپرسی چونکە یەکێکە لە کەرەستە گرنگەکانى توێژینەوەى کۆمەڵناسی، لەڕووى شوێنەوە ئەم توێژینەوەیە لەناو سەنتەرى شارى سلێمانیدا ئەنجام دراوە ئەویش بە وەرگرتنى 200 یەکە، پاشان دابەش کردنیان بەسەر سێ ناوچەى جیاواز (دەوڵەمەند، ناوەند، هەژار) بەڕێگەى وەرگرتنى سامپڵى چینایەتى هەڕەمەکى چونکە شارى سلێمانى لەڕووى ئابوورى و رۆشنبیرییەوە جیاوازى تێدایە بۆیە بەو ڕێگەیە وەرگیراوە بۆ ئەوەى توێژینەوەکە بتوانێ سامپڵیەکى تێکەڵ لە ئاست و توێژو چینە جیاوازەکان لە توێژینەوەکەدا کۆبکاتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بۆ کاتی ئێستا گرنگى زۆرى هەیە چونکە ناوەندەکانى گەیاندن بەسەرجەم جۆرە جیاوازەکانیەوە رۆژ لەدواى رۆژ لە کوردستاندا زیاتر بڵاودەبنەوەو بەکارهێنەریان زیاد دەکات و خواست لەسەریان بەردەوامە، بەم پێیە توێژینەوەى لەم شێوەیە گرنگە بۆ ئەوەى بزانرێ ئایا ئامڕازەکانى گەیاندن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى خێزان دروست کردووە؟ ئەگەر دروستى کردووە ئایا کاریگەرییەکان ئەرێنین ئاخود نەرێنى؟وەک لە ئەنجامى توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە بێگومان کاریگەرى دوولایەنەیان دروست کردووەو پێویستە کارى جددى بکرێت بۆ ئەوەى ئامڕازەکانى گەیاندن بۆ خزمەت و کەڵک و سوودى تاکەکانى کۆمەڵگا بەکاربهێنرێت، ئەمە بەتەنها کارەکە تەواو ناکات بەڵکو ئەوەى زۆر گرنگە بوونى هۆشیاری و ڕۆشنبیرى تاکەکانە بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئامڕازانەدا بۆ ئەوەى زیانى تاکەکەسى کۆمەڵایەتى لێ دروست نەبێت.
لەلایەکى ترەوە توێژینەوەکە کۆمەڵێک پێشنیارى بۆ حکومەت خستۆتەڕوو بۆ ئەوەى هەوڵ بدرێ کۆمەڵگاى کوردى لەبەرامبەر جیهانگیریى گەیاندندا بەهێزبکرێت و بەتەواوى لەنێو کاریگەرییەکانى جیهانگیریدا ون نەبێت چونکە هەرێمى کوردستان زۆر بەخێرایی دەرگاى ئامڕازەکانى گەیاندنى بەڕووى دونیاى دەرەوەدا کردۆتەوە، بەجۆرێک کۆمەڵێک بەهاو نۆرم و ڕەفتارو دەربڕینى نوێ و بیانى جێگەى بەهاو نۆرمە ناوخۆییەکەکانى کۆمەڵگاى کوردییان گرتۆتەوە.
